ئەمڕۆ یەك شەممە بەرواری ٢٠٢٠/١٠/١٨ لە شاری سلێمانی، بەڕێز شاهـ ویلایەتی ڕاوێژکاری ئابووری سەرکونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی سەردانی بارەگای سەرەکی یەکێتی هاوردەو ناردنکارانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن بەڕێز شێخ مصطفی شێخ عبدالرحمن سەرۆکی یەکێتی هاوردەو ناردنکارانەوە پێشوازی لێکرا .
بەڕێز شاهـ ویلایەتی لە سەردانەکەیدا بۆ بارەگای هاوردەو ناردنکاران خۆشحاڵی خۆی بە دەست بەکاربوونی لە پۆستی ڕاوێژکاری ئابووری لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و باسی پەیوەندی لەمێژینەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئیرانی کرد.
لە لایەن خۆشیەوە سەرۆکی یەکێتی هاوردەو ناردنکاران وێڕای دووبارە پیرۆزبایی بەڕێزیان بە بۆنەی دەست بەکاربوونی لە هەرێم هیوای سەرکەوتن و پتەکردنی زیاتری پەیوەندیە دوو قۆڵیەکانی کرد لە نێوان هەردوو لادا.
سەرۆکی هاوردەو ناردنکاران وتی : توانیومانە هەماهەنگییەکی باش بکەین لە نێوان کۆمپانیا و بازرگانیە خۆماڵی و ئێرانیەکاندا و زیاتر بەیەکیان بناسێنین و گرێبەستی گرنگ ئەنجام بدەن بە ئامانجی زیاتر بایەخدان بە پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان هەردوولادا و ئەنجامی ئەم هەماهەنگیەش ئاڵوگۆڕی نزیکەی ٦ ملیارد دۆلاری ساڵانەیە.
لە لایان خۆشیەوە بەڕێز شاهـ ویلایەتی ڕایگەیاند: ڕێکخراوی یەکێتی هاوردە ناردنکاران ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە بواری ئابووریدا و ئەم ڕۆڵەتان بەرز دەنرخێنین و بەهۆی ئێوە و ئەندامەکانتانەوە جموجوڵی بازرگانی بەردەوام لە گەشەسەنداندایە و هەرچەندە لە زۆر بواردا کاری بازرگانی ئەنجام دراوە بەڵام پێمان وایە کە هێشتا زۆر بواریتر ماوە کە کاری لەسەر بکرێت ، وە ئێمەش ئامادەی هەرجۆرە هاوکاریەکین.
لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ڕەوشی ئابووری و کاری بازرگانی لە تەواوی جیهاندا ڕووی لە سستی کرد بەڵام پەیوەندی نێوان هەرێم و وڵاتی ئێران سەرەڕای چەند ئاستەنگێکی کاتی بەڵام پەیوەندیەکان هەر بەردەوامن و ڕۆژ بەڕۆژیش ڕوو لە هاڵکشانی زیاتر دەکەن.