گۆشەی ئابووری / هەناردەکردنی بەرهەمی کوردستان هەنار بەنمونە
گۆشەی ئابووری / هەناردەکردنی بەرهەمی کوردستان هەنار بەنمونە
تەرازووی بازرگانی هەر وڵاتێک پێکدێت لەدوو بەشی سەرەکی هەناردە و هاوردە.
هەر وڵاتێک بتوانێت هەناردەی بەرهەمەکانی بەئەنجام بگەیەنێت ،لەدوای پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆ ، ئەوا لەم ڕێگەیەوە داهاتی زیاتری دەست دەکەوێت و دراوی گرانبەهای دێتە ناو ئابوری وڵاتەکەیەوە. بەپێچەوانەوە ئەگەر هاوردەکردن زیاتر بێت ئەوا دۆخی تەرازووەکە لاسەنگ دەبێت و پارە وداهاتی ناوخۆ دەچێتە دەرەوە و بەزیانی ئابوری نەتەوەیی تەواو دەبێت..
هەرێمی کوردستان لەدوای ساڵی (2003) ەوە هەمیشە هاوردەکردنی باڵا دەست بووە و هەندێ جار زیاتر لە (%90) ی پێداویستیەکانی لەدەرەوە دابین کردووە و بازاڕەکانی هەرێم بووەنەتە مەیدانی ساغکردنەوەی بەرهەمی دەرەکی.
گومانی تێدا نی یە دەرئەنجامی چەندین هۆکاری ناوخۆیی ودەرەکی حکومەتی هەرێم لەماوەی ڕابردودا نەیتوانیوە ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی بگەیەنێتە ئاستی خۆژێنی .لەگرنگترین ئەو هۆکارانە گرنگی نەدان بە کەرتی کشتوکاڵییە و پشت بەستن بە تەنها داهاتی فرۆشتنی نەوت و سیاسەتی سەربەستی بازرگانی دەرەکی و چەندینی تر....
خۆشبەختانە بەهەوڵی کەرتی تایبەت و یەکێتی هاوردەو ناردنکارانی کوردستان بە هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵ لەماوەی ڕابردودا توانرا نزیکەی (40) تەن هەناری هەڵەبجە بگەیەنرێتە بەریتانیا و لەهەوڵی ئەوەدان بۆ کەنەدای ڕەوانە بکەن.
گرنگی ئەم هەوڵە لەوەدایە کەبەرهەمێک لەبەرهەمە ناوخۆییەکان هەناردە بکرێت و بناسرێنرێت بە کڕیاری دەرەکی و بازاڕی پڕ لەخواستی بۆ بدۆزرێتەوە،لەبەرامبەردا دراوی گران بەهامان دەست بکەوێت و داهاتی خاوەن باخ و جوتیاران ببوژێتەوە . بۆئەوەی بتوانن بەرهەمی باشترو زیاتر بەرهەم بهێنن.خۆشبەختانە هەناری هەڵەبجە خواستێکی بەرزی لەسەرە و جێگای سەرنجی بەکاربەرانە.
ئومێد دەکەین ئەمە یەکەم هەنگاو و کۆتا هەنگاو نەبێت،پێویستە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ ساڵانی داهاتوو و هەروەها مەرج نی یە هەر هەنار بێت ، دەکرێت بۆ هەنگوین وبەرهەمەخۆراکیەکانی تر وبەرهەمی گەنم یان ئەو بەرهەمانەی کە دەگمەنن و خواستیان لەسەرە و لەناوخۆ نرخیان نزمە...
هیوادارین ئەم هەوڵە سەرەتایەکی باش بێت بۆ گۆڕینی ئابوری هەرێم لە کۆمەڵگایەکی بەکاربەرو بەرخۆرەوە بۆ کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێنەرو فرۆشیارو هەناردەکار ...
نووسینی : سەرکۆ یونس / ئابووریناس