Languages:
سه‌ره‌تا | ده‌رباره‌ی ئێمه | هه‌واڵ | ئاگاداری | لقه‌کانمان | گه‌له‌ری | لینکه‌کان | ناوی ئه‌ندامان | ئه‌رشیف | په‌یوه‌ندی
که‌شوهه‌وا
دراوه‌کان دیناری عێراقی
100 یۆرۆ 167500 DI
100 $ 122450 DI
366 تمه‌ن 150 DI
1 لیره‌ی تورکی نوى 625 DI
نرخی که‌ره‌سته‌ی بیناسازی
که‌ره‌سته‌ نرخ
1 تەن شیشى هەولیر 740 $
1 تەن شیشى تورکى 770 $
1 تەن چیمەنتۆى تاسڵوجە 87 $
1 تەن چیمەنتۆى ئێرانى 84 $
هه‌واڵ
دوا هه‌واڵ
ئابوری وڵاتانی ئیسلامی ساڵانه‌ به‌ڕێژه‌ی 15% تا 20% گه‌شه‌ ده‌کات
23 / 12 / 2013

قه‌باره‌ی سه‌رمایه‌ی دارایی ئیسلامی له‌جیهاندا ده‌گاته‌ 1.35 تریلیۆن دۆلار‌و پێشبینیش ده‌کرێت تاساڵی 2018 بۆ (4.1) تریلیۆن دۆلار به‌رزببێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخی گونجاو فه‌راهه‌مبێت، ئه‌وه‌ش به‌پێی راپۆرتێکی هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی «تۆمسۆن رۆیته‌رز»‌و دامه‌زراوه‌ی «دینار ستانده‌رد»ی ئابوری له‌ڕاپۆرتێکیاندا ئاشکرایان کرد.

ئه‌و راپۆرته‌ له‌شاری دوبه‌ی‌و له‌کۆنگره‌ی لوتکه‌ی جیهانی بۆ ئابوری ئیسلامی 2013 بڵاوکرایه‌وه‌.

راپۆرته‌که‌ تایبه‌ت بوو به‌وڵاتانی ئیسلامی که‌ ئه‌و وڵاتانه‌ن رێژه‌ی موسڵمانان تێیاندا زۆرینه‌یه‌، له‌ئێستاشدا کۆی گشتی ژماره‌ی موسڵمانان له‌جیهاندا نزیکه‌ی 1.6 ملیار که‌سه‌، ئه‌م وڵاتانه‌ ئابوریه‌کی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان پێکده‌هێنن.

سه‌رمایه‌ی دارایی ئیسلامی

به‌پێی راپۆرته‌که‌ى هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی «تۆمسۆن رۆیته‌رز»‌و دامه‌زراوه‌ی «دینار ستانده‌رد»ی ئابوری له‌ڕاپۆرتێکیاندا ئاشکرایان کرد قه‌باره‌ی سه‌رمایه‌ی دارایی ئیسلامی له‌جیهاندا ده‌گاته‌ 1.35 تریلیۆن دۆلارو پێشبینیش ده‌کرێت تا ساڵی 2018 بۆ (4.1) تریلیۆن دۆلار به‌رزببێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخی گونجاو فه‌راهه‌م بێت.

هه‌ردوو دامه‌زراوه‌که‌ له‌ڕاپۆرتێکی هاوبه‌شیاندا له‌باره‌ی بارودۆخی ئابوری ئیسلامی جیهانی له‌ساڵی 2013دا، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ کردوه‌ که‌ قه‌باره‌ی خه‌رجی به‌کارهێنه‌رانی موسڵمان له‌جیهاندا، له‌ که‌رته‌کانی خۆراکی حه‌ڵاڵ‌و شێوازی ژیاندا، گه‌یشتۆته‌ (1.62) تریلیۆن دۆلار له‌ساڵی 2012دا، پێشبینیش ده‌کرێت موسڵمانانی جیهان که‌ ژماره‌یان (1.6) ملیار که‌سه‌، له‌ساڵی 2018دا قه‌باره‌ی خه‌رجیان بگاته‌ (2.47) تریلیۆن دۆلار. ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه‌ وابکات که‌رتی ئابوری ئیسلامی له‌داهاتوودا ببێته‌ بازاڕێک بۆ که‌رته‌کانی خۆراکی حه‌ڵاڵ‌و شێوازه‌کانی ژیان.

راپۆرته‌که‌ له‌سه‌روبه‌ندی به‌ستنی کۆنگره‌ی «لوتکه‌ی جیهانی بۆ ئابوری ئیسلامی ـ 2013) له‌دوبه‌ی، که‌ رۆژی دوشه‌ممه‌ ده‌ستی به‌کاره‌کانی کرد، ئاشکراکرا‌و رۆژنامه‌ی حه‌یات به‌زمانی عه‌ره‌بی بڵاویکرده‌وه‌.

راپۆرته‌که‌ پێشبینی ئه‌وه‌ی کردوه‌ میرنشینه‌ یه‌کگرتوه‌کانی عه‌ره‌ب «وڵاتی ئیمارات» پێگه‌یه‌کی گونجاو له‌ڕۆڵی سه‌رکردایه‌تیکردندا وه‌ربگرێت له‌قۆناغی گه‌شه‌ی داهاتوی که‌رته‌کانی ئابوری ئیسلامیدا، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و پلانه‌ ستراتیژیانه‌ی که‌ ده‌یگرێته‌به‌ر، له‌ناویاندا ده‌ستپێشخه‌ریه‌ک به‌ناوی «دوبه‌ی، پایته‌ختی ئابوری ئیسلامی». هه‌رچی پێگه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی دیکه‌ی ئابوری ئیسلامیه‌ بریتین له‌سعودیه‌‌و تورکیا‌و ئه‌نده‌نوسیا، مالیزیا له‌ڕیزبه‌ندیه‌که‌دا که‌مێک پاشه‌کشه‌ی کردوه‌.

پاڵنه‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کان

راپۆرته‌که‌ی هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی «تۆمسۆن رۆیته‌رز»‌و دامه‌زراوه‌ی «دینار ستانده‌رد» ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کردوه‌ هه‌شت جوڵێنه‌ری سه‌ره‌کی هه‌ن که‌ نیشانه‌‌و گه‌شه‌‌و پێگه‌ی ئابوری ئیسلامی دیاریده‌که‌ن، چواریان پشت به‌«هێزی بازاڕی ئیسلامی» ده‌به‌ستێت‌و چواریشیان پشت به‌«ژینگه‌ی جیهانی». پێکهاته‌ی دانیشتوانی وڵاته‌ موسڵمانه‌کان، دیارترین جوڵێنه‌ره‌ که‌ پشتی به‌هێزی بازاڕی ئیسلامی به‌ستوه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌ی موسڵمانان زۆره‌‌و زۆرینه‌شیان له‌توێژێکی گه‌نج پێکهاتون که‌ به‌خێرایی گه‌شه‌ ده‌که‌ن.

هه‌ر به‌پێی راپۆرته‌که‌، ژماره‌ی موسڵمانان ساڵانه‌ به‌ڕێژه‌ی (1.5%) زیاد ده‌که‌ن، به‌رانبه‌ر به ‌(0.7%) که‌ ئاستی گه‌شه‌ی ژماره‌ی سه‌رجه‌م دانیشتوانی جیهانه‌ جگه‌ له‌ موسڵمانان. 

سه‌باره‌ت به‌جوڵێنه‌ری دوه‌م، کە پاڵنه‌ری ئابوریه‌، پێشبینی ده‌کرێت تێکڕای گه‌شه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی له ‌57 ده‌وڵه‌تی ئه‌ندام له‌ڕێکخراوی «هاوکاری ئیسلامی»، ساڵانه‌ له‌ساڵی 2013ـه‌وه‌ تا 2018، بگاته‌ (6.3%). له‌کاتێکدا کۆی گشتی گه‌شه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی له‌سه‌ر ئاستی جیهان ته‌نها (5.3%)ـه‌.

ئاین رۆڵی گرنگی له‌ئابوریدا هه‌یه‌

راپۆرته‌که‌، که‌ رۆژنامه‌ی حه‌یات ئاماژه‌ی بۆ کردوه‌، له‌باره‌ی هۆکاری سێیه‌می گه‌شه‌ی ئابوری ئیسلامی، ئاماژه‌ بۆ پاڵنه‌ری «ئاین» ده‌کات. به‌پێی راپۆرته‌که‌ (87%)ی موسڵمانان پێیانوایه‌ ئاین «زۆر گرنگه‌«‌و (93%)شیان مانگی ره‌مه‌زان به‌ڕۆژوو ده‌بن، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا که‌متر له‌ (30%)ی ئه‌وروپیه‌کان‌و (56%)ی ئه‌مه‌ریکیه‌کان پێیانوایه‌ ئاین «زۆر گرنگه‌«.

پاڵنه‌ری چواره‌می گه‌شه‌ی ئابوری ئیسلامی له‌سه‌ر ئاستی جیهان بریتیه‌ له‌زیادبونی بازرگانی له‌نێوان ده‌وڵه‌تانی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی، ئه‌م رێکخراوه‌ له‌ساڵی 2005دا ئامانجێکی دیاریکرد که‌ ده‌بێت تا ساڵی 2015 بازرگانی نێوان ئه‌ندامانی رێکخراوه‌که‌، 20%ی کۆی گشتی بازرگانی ده‌ره‌کیان پێکبهێنێت.

له‌درێژه‌ی راپۆرته‌که‌دا هاتوه‌ که‌ جوڵێنه‌ر‌و پاڵنه‌ره‌کانی گه‌شه‌ی ئابوری ئیسلامی پشتبه‌ستوو به‌ژینگه‌ی جیهانی، بریتین له‌به‌شداری کۆمپانیا جیهانیه‌ فره‌ڕه‌گه‌زه‌کان له‌ئابوری ئیسلامیدا.

پاڵنه‌ری دوه‌م بریتیه‌ له‌و ئابوریه‌ تازه‌ پێگه‌یشتوانه‌ی که‌ به‌دوای بازاڕدا ده‌گه‌ڕێن. پاڵنه‌ری سێیه‌می گه‌شه‌ی ئابوری ئیسلامی پشتبه‌ستوو به‌ژینگه‌ی جیهانی که‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما ئه‌خلاقیه‌کانی ئابوری ئیسلامیدا یه‌کده‌گرنه‌وه‌، بریتیه‌ له‌ته‌رکیزی جیهان له‌سه‌ر ئه‌خلاقیاتی کار‌و به‌رپرسیارێتی کۆمه‌ڵایه‌تی. چواره‌م پاڵنه‌ر‌و جوڵێنه‌ری جیهانی که‌ گه‌شه‌ی که‌رته‌کانی ئابوری ئیسلامی ئاسان کردوه‌، به‌تایبه‌تی که‌رته‌کانی شێوازی ژیان، بریتیه‌ له‌شۆڕشی «ته‌کنه‌لۆژیای په‌یوه‌ندی» له‌سه‌ر ئاستی جیهان، وه‌ک ته‌کنه‌لۆژیای مۆبایلی هۆشمه‌ند‌و خزمه‌تگوزاری به‌رفراوانی ئینته‌رنێت.

که‌رتی خۆراکی حه‌ڵاڵ

راپۆرته‌که‌ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راکێشاوه‌ به‌کارهێنه‌ره‌ موسڵمانه‌کان ساڵی 2012 بڕی (1.088) ملیار دۆلاریان له‌که‌رتی خواردن‌و خواردنه‌وه‌دا خه‌رج کردوه‌، ئه‌مه‌ش بریتیه‌ له‌ (16.6%)ی کۆی گشتی خه‌رجی جیهان له‌و که‌رته‌دا. پێشبینیش ده‌کرێت ئه‌و خه‌رجیه‌ تا ساڵی 2018 بگاته‌ (1.626) ملیار دۆلار. ئه‌مه‌ش واته‌ بازاڕی خۆراکی حه‌ڵاڵ له‌جیهاندا هه‌لی زۆری له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێت بۆ گه‌یشتن بە به‌کاربه‌ره‌ موسڵمانه‌کان. به‌ڵام به‌ربه‌سته‌کانی به‌رده‌م ئه‌م که‌رته‌، بریتین له‌قه‌باره‌‌و نه‌شاره‌زایی له‌بواره‌که‌دا‌و نه‌بونی ده‌سته‌یه‌ک که‌ ئه‌و بازاڕه‌ رێکبخات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ که‌می سه‌رمایه‌ی مرۆیی‌و دابه‌زینی متمانه‌ی به‌کاربه‌ران.

له‌بواری بازاڕی باربۆ (ته‌مویل)ی ئیسلامیدا، قه‌باره‌ی سه‌رمایه‌ی ئه‌و که‌رته‌ ده‌گاته‌ (1.35) تریلیۆن دۆلار که‌ کۆی ئه‌و سه‌رمایانه‌یه‌ که‌ خزمه‌تگوزاری بانکی‌و بازرگانی‌و سندوقی وه‌به‌رهێنان‌و چه‌ک(ی بانکی) ده‌گرێته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ رێژه‌که‌ که‌مه‌، به‌ڵام توێژێکی به‌رفراوانی ئه‌و که‌رته‌ به‌خێرایی گه‌شه‌ده‌کات که‌ رێژه‌ی گه‌شه‌ی ساڵانه‌ له‌بازاڕه‌ سه‌ره‌کیه‌کاندا له‌نێوان (15% بۆ 20%)دایه‌.

که‌رتی جلوبه‌رگ‌و گه‌شتوگوزار

هه‌ر به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ ئابوریه‌، جلوبه‌رگی ئیسلامی هه‌ر له‌ ئه‌نده‌نوسیا‌وه‌ تا ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌م بازاڕه‌ به‌شێکی گرنگی که‌رتی جلوبه‌رگ‌و ئیکسسواراتی جیهانیه‌. به‌پێی مه‌زه‌نده‌کان موسڵمانان ساڵی 2012 بڕی 224 ملیار دۆلاریان بۆ جلوبه‌رگ‌و پێڵاو خه‌رج کردوه‌، واته‌ (10.6%)ی خه‌رجی جیهانی له‌و بواره‌دا. پێشبینیش ده‌کرێت تا ساڵی 2018 ئه‌م بڕه‌ بۆ 322 ملیار دۆلار به‌رزبێته‌وه‌.

خه‌رجی ئیسلامی له‌بواری گه‌شت‌و گه‌ڕاندا له‌ساڵی پێشودا گه‌یشتۆ‌ته‌ 137 ملیار دۆلار، به‌بێ ئه‌ژمارکردنی گه‌شتی حه‌ج‌و عه‌مره‌، پێشبینیش ده‌کرێت ئه‌و بڕه‌ بۆ 181 ملیار دۆلار به‌رزبێته‌وه‌. گه‌شتیارانی وڵاتانی که‌نداو زۆرترین خه‌رجیان له‌و بواره‌دا هه‌یه‌ که‌ ده‌گاته‌ 31%ی کۆی خه‌رجی سه‌رجه‌م موسڵمانانی جیهان.

له‌که‌رتی راگه‌یاندن‌و ته‌رفیهیدا، موسڵمانان 151 ملیار دۆلاریان بۆ بواری «ته‌ریفیهی‌و رۆشنبیری» له‌ساڵی 2012دا خه‌رجکردوه‌، واته‌ 4.6ی کۆی خه‌رجی جیهانی. ئه‌و ژماره‌یه‌ش تا ساڵی 2018 پێشبینی ده‌کرێت بۆ 206 ملیار دۆلار به‌رزبێته‌وه‌، گرنگترین کۆسپیش له‌به‌رده‌م کۆمپانیاکانی راگه‌یاندنی ته‌ریفیهیدا که‌ روو به‌به‌کارهێنه‌رانی موسڵمانن ئه‌وه‌یه‌ که‌ راگه‌یاندنی بازاڕی ئیسلامی «راگه‌یاندنێکی ئاینی»یه‌‌و به‌س‌ و دۆزینه‌وه‌ی باربۆ‌و به‌هره‌ی پیشه‌ییه‌.

که‌رتی ده‌رمان

هه‌ر به‌پێی راپۆرته‌که‌ی هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی «تۆمسۆن رۆیته‌رز»‌و دامه‌زراوه‌ی «دینار ستانده‌رد»، خه‌رجی موسڵمانان له‌جیهاندا له‌ساڵی رابردودا له‌که‌رتی ده‌رماندا گه‌یشتۆ‌ته‌ 70 ملیار دۆلار، تا ساڵی 2018ش ده‌گاته‌ 97 ملیار دۆلار، واته‌ 7%ی کۆی خه‌رجی جیهانی له‌و بواره‌دا. هه‌روه‌ها موسڵمانان بڕی 26 ملیار دۆلاریان بۆ گیراوه‌ی جوانکاری‌و به‌رهه‌مه‌کانی گرنگیدانی شه‌خسیانه‌، خه‌رج کردوه‌، که‌ له‌وانه‌یه‌ بۆ 39 ملیار به‌رزبێته‌وه‌.

راپۆرته‌که‌ که‌ به‌ده‌ستکاریه‌وه‌ له‌ڕۆژنامه‌ی حه‌یاته‌وه‌ وه‌رگێڕدراوه‌، له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی «تۆمسۆن رۆیته‌رز»‌و دامه‌زراوه‌ی «دینار ستانده‌رد»ه‌وه‌ ئاماده‌کراوه‌. دامه‌زراوه‌ی تۆمسۆن رۆیته‌رز ده‌زگایه‌کی به‌رفراوانی راگه‌یاندنه‌‌و باره‌گای سه‌ره‌کی له‌نیویۆرکه‌. دامه‌زراوه‌ی دینار ستانده‌ردیش کۆمپانیایه‌کی راگه‌یاندن‌و توێژینه‌وه‌‌و راوێژکاری پسپۆڕیه‌، کار له‌سه‌ر ئاستی جیهانی ده‌که‌ن.

.
‌ Created by: Avesta Group Importer & Exporter Union of Iraq - Kurdistan Region
Copyright 2009 - All rights reserved